توێژینەوەیەکی نوێ دەڵێ خواردنی بڕی زۆری کۆمەڵەی ڤیتامینەکانی (بی)، کاریگەرییە نەرێنییەکانی پیسبوونی هەوا لەسەر جەستە کەمدەکاتەوە.
لەم بابەتەدا هەندێک زانیاری لەسەر کۆمەڵەی ڤیتامینەکانی بی و ئەو خۆراکانە دەخوێننەوە کە بڕێکی بەرچاو لەو ڤیتامینانەیان تێدایە.
گرووپی ڤیتامینەکانی (بی) پێکهاتوون لە هەشت جۆر کە لە ئاودا دەتوێنەوە و بەگشتی رۆڵیان هەیە لە گۆڕینی خۆراک بۆ وزە، هەروەک گرنگیشن لە پرۆسەی گەشە و پەرەسەندن، تەندروستی خڕۆکەکانی خوێن، هۆرمۆنەکان و کۆئەندامی دەمار.
هەشت جۆرەکەی ئەم ڤیتامینە بریتین لە:
1-ڤیتامین بی-1 (سایامین): بۆ کۆئەندامی بەرگری گرنگە و یاریدەی درووستبوونی خانەی نوێی ئەم کۆئەندامە دەدات.
2-ڤیتامین بی-2 (رایبۆفلاڤین): دژەئۆکسێنە، بۆ تەندروستی دڵ و بۆڕییەکانی خوێن گرنگە.
3- ڤیتامین بی-3 (نیاسین): سووڕی خوێن باشدەکات، چەوریی سودبەخشی خوێن زیاددەکات و یاریدەی جەستە دەدات لە دروستکردنی چەندین هۆرمۆنی پێویست.
4- ڤیتامین بی-5 (پانتۆسێنیک ئەسید): یاریدەی گۆڕینی چەوری و شیرینی دەدات بۆ وزە، کەمبوونەوەی لە جەستەدا دەبێتەهۆی درووستبونی زیپکە
5- ڤیتامین بی-6 (پایریدۆکسین): یاریدەی درووستبوونی ئەو پەیامە کیمیاییانە دەدات کە دژی خەمۆکین
6- ڤیتامین بی-7 (بایۆتین): بە ڤیتامینی جوانیی ناسراوە، چونکە تەندروستی پێست، نینۆک و موو دەپارێزێ
7- ڤیتامین بی-9 (فۆلیک ئەسید): بۆ گەشەی تەندروستانەی مێشک و دەمار گرنگە و دژی خەمۆکییە.
8- ڤیتامین بی-12 (کۆباڵامین): یاریدەی دروستبوونی خڕۆکە سوورەکانی خوێن دەدات.
باشترین سەرچاوە خۆراکییەکانی کۆمەڵەی ڤیتامینەکانی (بی) ئەمانەن:
1-ماسی:
سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی ڤیتامین بی-12 یە، بە راددەی کەمتر جۆرەکانی دیکەی ڤیتامین بی تێدایە
2-جگەری بەرخ:
راددەیەکی زۆر بەرز لە جۆرە جیاوازەکانی ڤیتامین بی تێدایە (B1, B2, B3, B5, B6, B9, B12) .
یەک پارچە جگەری بەرخ کە کێشی تەنیا 68 گرام بێ، دەتوانێ زۆرتر لە نیوەی پێداویستی جەستە بۆ ڤیتامین بییەکانی (6،9 و 12) دابینبکات، ئەوە جگە لەوەی 179% ی پێداویستی جەستە بۆ ڤیتامن بی-2 بۆ ماوەی رۆژێک دابیندەکات
3-مریشک:
سنگی مریشک بە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی ڤیتامین بی-3، بی-5 و بی-6 دادەنرێ.
100 گرام لە سنگی مریشک دەتوانێ ئەم بڕانە لە پێداویستی رۆژانەی جەستە بۆ ڤیتامین بی دابینبکات: 72% بی-3، 10.6% بی-5 و 32% بی-6.
4-هێلکە و شیرەمەنییەکان:
لە هێلکەدا هەموو جۆرەکانی ڤیتامین بی هەن. لە زەردێنەکەیدا بڕێکی زۆر ڤیتامین بی-12 هەیە.
شیر و بەرهەمەکانیشی سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی ڤیتامین بی-1، بی-2 و ب-12 ن.
5-پاقلەمەنییەکان:
سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندن بۆ ڤیتامین بی1، 2، 9 و 3. یەک کووپ لە پاقلەمەنییەکی کوڵاو ئەمانە بە جەستە دەبەخشێ 90% بی-9، 10% بی-1، 10% بی-3، 10% بی-5 و 10% بی-6.
6-شوفان:
یەک کووپ شوفان ئەم بڕانە لە پێداویستی رۆژانەی جەستە بۆ ڤیتامین بی دەبەخشێ بە جەستە: 15% بی-1، 3.2% بی-3 و 3.5% بی-9.
7-چەرەس و ناووکەکان:
بەم جۆرانە لە ڤیتامین بی دەوڵەمەندن بەڕیز: 3، 1، 2، 5، 9 و 6
8-سپێناخ:
یەک کوپ لە سپێناخی کاڵ 15%ی پێداویستی رۆژانەی ڤیتامین بی-9 دەدات. بە بڕی کەمتریش ڤیتامین بییەکانی 2، 6 و 7ی تێدایە.
9-مۆز:
یەک مۆز بڕی 33%ی پێداویستی رۆژانەی ڤیتامین بی-6 بە جەستە دەدات.
جگە لەوانە بە بڕی کەمتر هەریەک لەم جۆرانەی ڤیتامین بی بە جەستە دەدات: 1، 2، 9 و 7.
0 كۆمینت:
Post a Comment